هیواکان
هیواکان کۆی هیواکانی منن، زو یان درەنگ پێیان ئەگەم، بەڵێ هیوان و ئەبێ هیوایان بۆ بخوازم بێنە دی، بەڵام ئەمەوێت چیتر لەبری هیوا خواستن کار بکەم و هیواکانم بە ئارەقی نێو چەوانی خۆم بێنمە دی...گەر لای من یەک وشەش فێربیت وا ئەزانم گەنجینەیەکم داویتێ چونکە خۆم هەمیشە لە فێربوندام، باوەڕناکەم بتوانم کەس لێم فێر بێت! ماندو نەبی تا ئێرە هاتی لەگەڵم..پێت خۆش بوو بەردەوامبە

لاپه‌ڕه‌کان

ده‌ستپێک
ئه‌لبۆمی وێنه‌کان
زانیاری
ئه‌رشیڤ
دراوسێکان

چینی بابه‌ته‌کان

چێشتی مجێور
ڕامیاری
کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت
کوردبڵاگەر
خۆم و گوێچکەم
خەم و خەفەت

لینکه‌کان

ئاوێنە
هاوڵاتی
دیمانە
کوردئایتیگروپ
زکورد

بڵاگ ڕۆڵ


ژن و مێرایەتی

بابەتێکی بڤەیە ها؟

هەمیشە ئەڵێم، ژیان پیاو دروستی ئەکات بەڵام خۆشیەکەی بۆ ژنە، بەڵگە؟ ژن زیاتر ئەژین، ژن زو پێ ئەگەن و درەنگ پیر ئەبن، ژن کەم ماندو ئەبن و زۆرتر وەرئەگرن (مناڵ بونی لێ دەرکە، خۆ ئەگەر وەک هاوڕێیەکم ئەڵێ هێندەی ئیشی دە ساڵ گرانە ئەوا دروستکردنی ژیانیش لەسەرشانی پیاو هێندەی مناڵبوونەکە گرانە) و هتد....بەڵام ئەمە بۆ هەمو ئاستێکی ئاسانکاریەکانی ژیان، مەبەستم لە ژیانێکی سادەوە بیگرە تا ژیانێکی زۆر پێشکەوتوو و پڕ ئاسانکاری، ڕێژەی تام و چێژی ژیان هەر لای ژن زیاترە تا پیاو(هەتا سێکس خۆشی کە زۆربەی پیاو بە هەڵە لە ژن تێگەشتوون). .  ئەکرێ هەڵەش بم

کەواتە بۆچی پیاو بە دەستی خۆی ژیانی ژن و مێردایەتی خۆی تێک ئەدا جارجار، ئەگەر پیاو دروستی ئەکات؟(پرسیارێک بو لە ناکاو خۆی کرد بە مێشکمدا) پرسیارێکی بەجێیە، وەڵامەکەشی هەر لەوەی سەرەوە سەرچاوە ئەگرێ، چونکە خۆشیەکەی بۆ ژنە، پیاو نازانێت تامی خۆشی بکات هێندەی ژن ئەزانێت، ئەوان ئەزمونیان بە درێژایی مێژو زیاترە و باوەڕم وایە چەسپاوە لە جینەکانیشماندا. لە قسە کردنەوە بیگرە تا مناڵ بەخێو کردن و کارکردن و خواردن و خواردنەوە تا بەراوردی باوکایەتی و دایکایەتی تا بچوکترین هەڵسوکەوتی ژیان، ژنان لەزەتی زیاتر ئەبینن لە ژیان تا پیاو بۆیە هەر بەدەستی خۆمان سەر لە خۆمان ئەشێوێنین[پیاوان]. ئەمە تەنها یاسایە، ناوازەو شاز یاسا ناشکێنن بۆیە بەردەوام ئەبم لەسەر ئەم دەستەواژەیە [مەبەست لە ژیربێژی بیرکاریە، کاتێک شتێک وەرئەگری پێویستی بە سەلماندن نیە بۆ ئەوەی شتی ئاڵۆزتری پێ بسەلمێنیت]

کەوابێ، ژیان پیاو دروستی ئەکات و لە خۆشی ژن دروستی ئەکات و خۆشیەکەشی لای ژن زیاترە،  کەوابێ خۆشترین شتێک لای پیاو لە دنیا ژنە؛ [کچ، ئافرەت] چی ناو ئەنێی ناوینێ،ئەگەر بتوانم ئەمە بسەلمێنم ئەوا ئەبێ بتوانم بڵێم: مادام ژیان خۆی (واتە مانەوەو نەمردن) قەدری لای چاکترین بەکارهێنەرەکەی بێت کە ژنە، پیاویش خۆشترین شتێکە لە ژیان بۆ ژن. بابەتەکەم ناو ناوە ژن و مێردایەتی مەبەستم لە لوتکەی پێکەوە بونی نێر و مێیە، جا بە دڵنیاییەوە هاوڕەگەزبازەکان لەگەڵم نین، ئەوەیان گرفتی خۆیانە چونکە ئەتوانن بمخەنەوە بە درۆیا ئەگەر حەز بکەن چونکە من ئەوان لە ڕیزی شازەکان دا ئەنێم کە یاسا ناشکێنن.

کەواتە: ئەو پەندەی پێشینان (ژن هەیە ژینە ژن هەیە ژانە) زۆر ڕاستە بەڵام دو شێواز تێی ئەگەم [ئەکرێ لە داهاتو ڕا بگۆڕم لەسەر ئەمەیان]، یەکەم یاساکەی سەرەوە بەشی یەکەم و شازەکانیش بەشی دوەمی پەندەکەیە. دوەمیش، لەبری پەندەکە هەقە بوترێ، پیاو هەیە ژین دروست ئەکات و پیاویش هەیە ژان دروست ئەکات. هۆی دڵنیا نەبونم لە تێگەشتنی تەواو لە پەندەکە سادەیی و هەمیشە گومانکردنی خۆمە لە دروستی پەندە پێشینەکان.

کەوابێ پیاو بەڵێ ژیان دروست ئەکا بەڵام گەر لە خۆشی ژن نەبێ بەر ئەبنە یەک و شەڕ لەبەتاڵی باشترە، ئەوەش مانای ئەوەیە: ژن سەرچاوەی ژیانە و پیاو بێ ژن نایکرێ بەڵام ژن بێ پیاو زۆر چاک ئەیکرێ، هەر بۆیە ئەوان نێچیر و پیاویش ڕاوکەرە هەر وەک شێرزاد حەسەن ئەڵێ. چونکە لەسەرەوە وتم خۆشیەکەی بۆ ژنە کەواتە لە کەمترین ئاستی تامی ژیاندا، واتە لە کاتی نەبونی ژن بۆ پیاو و نەبونی پیاو بۆ ژندا هەمان بڕگەی یەکەمی ئەم نوسینە دیسان ڕاست دەر ئەچێت.

ئایا ئەمە لای هەندێ پیاو بە مانای ئەوە نایەت کە من فێمینیستێکم ئاو لێڵ ناکەم؟ وە لای فێمینیستەکانیش بە پێچەوانەوە؟ بەڵێ خۆشم لەگەڵ ئەوەم کە وادیارە، بەڵام خۆ سەلماوە کە پیاو هیچ نەبێ لە کاتی مەسیح و پێش مەسیحیشەوە [چونکە بەڕای من هیچ شارستانیەتێک کە هیچ نەبێ خۆڵەمێشەکەی مابێ بە بێ دین دروست نەبوە یان گشتی تر بەبێ ئایدۆلۆجیا] پیاو بە دەسەڵاتتر بوە، جا دەسەڵاتیش ئەزانین ئەکرێ دیکتاتۆر، تۆتالیتارو ئەکرێ وەکو هیندیستانیش دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە بێت، یان وەکو کۆماری ئیسلامی ویلایەتی فەقیهـ بێت. کەواتە هەرودلا ڕاستەکەن بەڵام تێگەشتنەکە هەر بە ڕاستی ئەمێنێتەوە چونکە لە ناخی پیاودا [بێ هیچ هەستێکی دەربڕین] بونەوەرێکە تەنها لە خۆی ڕازیە(واتە دەسەڵاتی بەدەست بوە) بەڵام هەستی نێرێتی کە مێینەکەی بەرامبەری بوەتە هۆی پێناسە بۆ دانانی ئەو وا ئەکات خۆی بسەلمێنێت بەوەی ئەوپەڕی پیاوسالاری [نێرێتی] بەوە دەربڕێت ژیان بۆ مێینەیەک دروست بکات. لەبەرامبەریشدا لە ناخی ژندا بەهەمان شێوە بۆ سسەلماندنی مێینەییی خۆی و لە پاڵیشدا لە ماسولکەکان و لە بێ شەرمی پیاو تێگەشتوە کە ئەو وایە بۆیە پاڵی داوەتەوە و لەزەت لە ژیان ئەبینێ...کەوابێ هیچ پێویست بە خۆ سەخڵەت کردن ناکاو نە پیاوسالاری و نە ژن سالاری هیچکامیان ڕاست نین. پێکهاتەی پیاو وای کردوە لەزەت لەوە بەرێت کە ژن لە خۆی زیاتر لەزەت لە ژیان ببات!

ئەی ئەمەی ئێستا لە سایەی شۆڕشی پیشەسازی و تەکنۆلۆجیای زانیاری هاتۆتە ئاراوە بەرهەمی چیە؟ من ئەڵێم ئەمیش لادانە لەوەی کە دان بنێین بەوەدا کە پیاو ژیان دروست ئەکات و ژنیش لەو ئازاترە لە تام و چێژ لێ بینینی بەڵام بە ڕەزامەندی پیاو. چونکە بە ئاشکرا ئەمانیش وەک دینیەکان (بە شێوازێکی زۆر ئاقڵانە تر)ژنیان کردۆتە ئامرازێک بۆ ئەوەی بیانخەڵەتێنن کە ئێوە لەزەتی خۆتان وەرگرن و ئێمە ئەتان ڕازێنینەوە بەڵام ژن هەست بەوە ناکەن کە پیاو وا خەریکە لەو ڕێژەیەی ئەوان قەرارە لەزەت لە ژیان ببینن پیاوان لەزەت زیاتر لە جەستە، هەست، دەنگ و هتدی ئەوان ببینن. بۆیە من بە پیاوسالاری ئەبینم و باوەڕناکەم جیاوازی لەگەڵ بۆچونی فرەژنی و ویلایەتی فەقیهـ جیاوازیەکی ئاسمان و ڕێسمان بێت. نە بەخوا فێمینیست نیم....smilie

 


,04:13 , 2007/3/4 , خۆم و گوێچکەم
بۆچوونه‌کان ( 2 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

ژیـــان...ژیــان..ژیـان.ژیان

نازانم مانای چیە، نازانم بۆچیە؟ نازانم سودی چیە؟ بەڵام ئەزانم تامی چیە... سەیرە وانیە؟ گەر 8 ساڵ لەمەوبەر ئەم قسانەم بکردایەی ئەموت تێک چوم و پێویستم بەوەیە خێرا دەستنوێژێک بگرم و چوار ڕکات نوێژی بیرکردنەوە بکەم...

بەڵام نەء ... نەخێر زۆر چاک ئەزانم ئەڵیم چی، وەکو هەموو گیانلەبەر و بێ گیانەکانی دایکە زەوی، پێش خۆت چی پێدابیت تۆش هێندە توانات هەیەو گەر چنار کەم کەم لە چڵێکەوە باڵای نەکردایە ئەوا ملی زەڕافە یان لەو نزمتر ئەیگەیشتێ و گەڵای پێوە نە ئەهێشت بۆیە لەسایەی تەمەنی درێژی ساقەکەی گەڵاکانی بە ئاسودەیی ئەژین..! گژو گیای داماویش چونکە نوساون بە زەویەوە مل پان مل پان ئەوەی دەمی بگاتە زەوی لە بن هەڵیان ئەکێشێ و ئەبن بە دو قاپ شیرو پاشتریش ئەبنەوە بە پاشەڕۆ و زۆر لەگەڵ گەڵا بەرزەکانی چنار جیاوازیان نیە، بەڵام خۆ دوای مەرگ هەست ناکەی ئەگەر هەموو دنیاش تف و لەعنەتت لێ کات یان ببیتەوە بە شیاکە... مەگەر وانیە مێشکە شێت و هارەکەم؟

خۆ ئەگەر ئەڵێی نەخێر گیا لەسەر بنجی خۆی ناڕوێتەوە، ئەڵێم ئای کە خۆشە هەورە تریشقە لە بێ دەنگی شەوێکی تاریکدا، سروشتی ئەو جێگایە تێک ئەدات و ڕواڵەتی بۆ هەمیشە ئەگۆڕێت، بەڵام خۆ نە من ئەو شەوەم و  تواناکانی دەرو بەریشم هەورەگرمەش نین تا بتوانن سروشتی ژیانم بگۆڕن و بەڵکو هیچ نەبێ کوڕەکانم لەسەر بنجی خۆیان نەڕوێنەوە و چیتر ئاخ بۆ شتێک هەڵ نەکێشن کە تەنها ئێمە نەمان بێت...بۆ؟ بۆچی تەنها ئێمە؟ ئاخر بۆ؟ قەینا خەتای خۆمانە، بەڵام بۆ؟ دیسان بۆ؟ ئاخر نابێ، هەر ئەبێ بڵێم بۆ؟بۆ؟.....بۆ......بۆ...بۆ...............

گەر باپیری شێر نەڕەی عەرشی دارستانی نەهێنابایە لەرزە هەرگیز لە بێچوە شێر نە ئەترسان و دارستانیش بێ سەرۆک و بێ پێشەوا ئەمایەوە. هیچ گومانی تیا نیە ئەم ژیانەی منیش پەیوەندی ڕاستەوخۆو یەکسەری هەیە بەو قەدو باڵایەی نەتەوەکەم و دایک و باوکم هەیەتی و منی لەسەر ڕواوم... مەگەر وانیە مێشکە خێر لە خۆ نەدیوەکەم؟

مەگەر من پێم خۆش بوو لە 9 ساڵی کیمیا باران و لە 10 ساڵی نوگرە سەلمان و لە 12 ئاوارەی ئێران (دوبارە) و لە 19 ساڵیش تەزبیحی هەندەران هەڵگرم و دانە دانە وڵاتەکانی بهۆنمەوە تا بتوانم لە ملی کەم و بەڵکو لە دیوەخانی گەرمی باڕێکی وڵاتی نیفاق و دو ڕویی بە ڕو زەردی و سەرکزی ڕوم نەیەت بڵێم: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە، ببورن ڕۆحی ئەوانەی توانیان مرۆڤایەتی شەرمەزارکەن لەکاتێکیشدا وەک ئێمە پەنابەر بوون، بەڵام بەخوا هەر ئەیڵێم چونکە من و ئەوان (زۆرن ناوهێنان بێ ڕێزیە بۆ ئەوانەی ناویان ناهێنم) جیاوازیمان ئاسمان و ڕێسمانە...چونکە من گژ و گیاو ئەوان گەڵای پۆپی سپیە چنارێک، تەنها ڕەنگەکانمان لە یەکە!

بێزارم زۆر، بەڕاستی بێزارم، لە هەموو شتێک... کەس لێم تێ ناگا...کەس تاقەتی نیە گوێ بگرێ تا تێ بگا، چونکە ئەویش وەک من وایە..منیش تاقەتم نیە گوێ لەکەس بگرم و لێی تێ بگەم....پارادۆکسێکە بێ ئەنجام...هۆیەکەشی دیسانەوە سەرەتای ئەم بابەتەیەو ئەمیش پارادۆکسێکی ترەو مێژو ئێستاو داهاتوو ڕا ئەکێشێ بەدوای خۆیاو ئێستاو داهاتوش بە بێ مێژوو مانای دروستی ژیان نیەو، گەر مێژوی لێ دەرکەی ژیان ئەگەر هەش بێت، لای من پێناسەکەی نەپێکاوەو ناتوانم بانگ بدەم بە گوێیدا...


,02:16 , 2007/2/26 , خۆم و گوێچکەم
لینکی بابه‌ت