شۆڕشی پیشەسازی فەرەنساو پاشان ئەوروپا بە گشتی، تێگەیشتنی تەواو لە دین و شەڕی وزە دنیای گۆڕی، کورد هێشتا لە پرخەی خەوەو ڕۆڵەکانی نەک دوژمن ناناسن بەڵکو ڕقیان لەسەرکردەکانی خۆیانە، شێخی پیران، مەلیک و قازی و بارزانی هێشتا نە کەس بە تەواوی ئەیان ناسێت، نە کەس ئەوێرێت باسی پۆزەتیف و نێگەتیڤەکانیان بکات. هەندێ بە عەشقی کوێرانە و هەندێ بە رقی کوێرانە، ئەو دو دەستەیە هیچ، ئەوانەش وەک ئێمە لەو بەینە ماون تا ئێستا ناتوانن لەسەر چاوەیەکی ڕاستەوە هیچ نەبێ پوختەیەکی ژیاننیان بزانێت. ئەمە کەمترین شتێکە دەربارەی مێژوی خۆت بیزانیت، جا ئەوە باسی مێژوی کورد هەر مەکە کە زۆربەمان بە تەواوی لامان نەنگە و ڕومان نایە باسی بکەین. ئاخر ناپرسین بۆ ئێمە لەو هەموو شۆڕشانە دوا کەوتین و لە شیرنی خواردنی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ئەوسترۆ-هەنگاری، عوسمانی و ڕوسیای سەدەی نۆزدەهەم بۆ بێ بەش بوین؟ ئایا شەڕمان نەکرد؟ ئایا ترسنۆک بوین؟ ئایا لە شاخەکان خەریکی ڕاو بوین؟ ئایا هەولێر ئاوەدان نەبوو؟ کەرکوک شار نەبوو؟ وان ئاوی نەبوو؟ سنەو کرماشان سەحرا بوون؟ نا...ئێمە هەمیشە شەڕمان بۆ خەڵک کردوە، کورد خۆی ناناسێت، کورد مافی خۆی ناوێت، کورد ڕابردوو نازانێت، کورد تەنها ئێستای لا گرنگە، کورد گەر ئێستا نان هەبێت گوێی لێ نیە سبەی چی ئەکات؟ کوڕەکەی چی بخوات؟ لە کوێ بنوێ؟ لەلای کێ ئیش بکات... کورد تەنانەت کە پۆلیسی بەریتانیش ئەیگرێ نازانێ درۆیەک بکات ڕێی تێ بچێت...! بارزانی کوڕ، ئەمڕۆ لەگەڵ ئێن تیڤی تورک زۆر جوان ئاخاوتوە، بەڵام ئایا بارزانی توانیویەتی ئەو قسانەی خۆی ئەیکات بە جوانی لە دڵی کوردی کوردستانی باشوری بچەقێنێت؟ ئایا شەڕی کورد و تورک سەد ساڵ دوا نەکەوتوە؟ ئایا تۆڵەی شێخی پیران و شێخ سەعید و هەزاران سەرکردە دیکەو ئۆجەلان و بیست ملیۆن کوردی تورکیا بە قسەی خۆش چارەسەر ئەکرێ جەنابی سەرۆک؟ خۆزگە وا ئەبوو، خۆزگە قسەکانی تۆ ئەبوو، خۆزگە ژیان لەبری شەڕی هێز شەڕی قسە ئەبوو...بەڵام باوکت و شۆڕشەکەی باوکت شاهێدن کە لە کوێ کورد بکەوێ هەموو دنیا شەقی تی هەڵئەدەن، خۆت وتەنی کورد تەنها پشتی بە خۆی بەستوە (تامەزرۆ بوم بتوتایە ئێمە لە شاخەکان زیاتر دۆستمان نیە). خۆزگە جەنابی سەرۆک دە خولەک تورکی زانێکت بانگ ئەکرد و کۆمێنتەکانی ئەو هەواڵەت ئەخوێندەوە تا بزانی تاکی تورک چ هەستێکی بەرامبەر تۆ، گەلەکەت، پارتەکەت، ڕابردوت، سیاسەتەکەت، بۆچونەکانت، بازرگانی کردن لەگەڵ کورد چۆنە و چیان پێ وتویت؟ نازانم سەردێڕی هەواڵەکەیان بۆ خوێندیتەوە جەنابی سەرۆک؟ تا بزانی ڕۆژنامەی حوریەت کە لە گوڵان زیاتر ئەخوێنرێتەوە لە ناو تورکاندا، چۆن باسی تۆ ئەکات؟ مەگەر خۆت نازانی تورکە خاوەن کارگەکان لە کوردستان چۆن کار ئەکەن و چی ئەڵێن و لە پاش ملە چۆن باسی کورد ئەکەن؟بەخوا هەموی لە من باشتر ئەزانیت بۆ ئەبێ کورد بە منیشەوە لەگەڵ سەرۆکەکەی نەبێت؟ ئێمە گەیشتوینە یەکەم قادرمەی وڵاتانی دیکە تا بڵێین قەیناکا؟ بۆچی کام لەو ترسانەی لەسەرمانە ئێستا نەماوە تا کورد لە ناو خۆی بتوانێ وەکو وڵاتانی دیکە لەگەڵ سەرۆکەکەی نەبێت؟ بۆ ئێمە کاتی ئەوەمانە سەرۆکەکانمان خەڵک ئیهمال کەن و بۆ خۆیان تاج و تەخت دروست بکەن؟ تەواو ئامادەن تاڵان فرۆشی کەن ئەمجارەش؟ بەری ڕەنجی یەک سەدەمان دیسان بێت بە قوربانی پشت نەگرترنی سەرکردەکان و هەرەسی شۆڕشی 1991؟ هەموو خۆ خۆیی بکەین و تا سەر ئێسقان، تا ئەوەندەی لە هەڵەبجە ئەڵێن تۆ فڵان کار هەولێر بۆی کردوی ئێمە هەقمان نیە، ئاوا شۆڕشی کورد سەر ئەکەوێت؟ ناتوانم، یەک هەزار جار پێیان وتم تۆ پێت چآرەسەر ناکرێ بەڵام ئەی هاوار ناتوانم لە کەللەمی دەرکەم، حەز ناکەم مناڵەکەم گەورە بوو تف و لەعنەتم لێ بکاو بڵێ تۆ چیت کرد؟ بۆ هیچت نەکردوە ئێستا من ئاوام بەسەر نەهاتایا؟ ئاسانە زۆر فەرامۆش کردنی و دروست کردنی ژیانێکی تاکەکەسی سادەی بێ سەر ئێشە...بەڵام کە نەتوانم و ئەوەم پێ خۆش نەبێ چی بکەم؟ نامەوێت ئەو ژیانە بە فلس! تا ئەمرم هەر بەوهیوام ئەم نەتەوە بەخەبەربێت، ڕاپەڕێت، فێر بێت، چآو بکاتەوە، تێ بگات، یەک یەک ساڵەکانی کۆتایی عوسمانیەت و شەڕی نەوت دیراسە بکات و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکات. ڕۆڵەکانی یەک یەک تێ بگەن هەموو دنیا ڕقی لە کوردە، تا ئەو ڕادەیەی لە ملیۆنەها کتێبی مێژوی میللەتانا بە عەرەب، فارس یان بە تورک ناومان ئەهێنن لە کاتێکا زۆر لە فارسەکان خۆیان بڕوایان وایە فارس بنچینەیان کوردە و مێژوش شاهیدە کە ئێمە ڕێگای تورکمان کردوە تا بژین لە ئەنادۆڵ و عەرەبیش تا ماون ئەبێ خەو ببینن چیاکانی کوردستان بکەن بە بەشێک لە عەرەبستانەکەیان...جا چ بە دین، بە زۆر، بە سیاسەت یان بە خۆشی و بازرگانی لەگەڵ هەندێ کوردی دڵ سادە یان خاین! فەرمو هێشتا فەرهەنگی ئۆکسفۆردی ئینگلیزەکان، کە گاندی وتەنی گەر دو ماسی لە ژێر ئاو شەڕ بکەن خەتای ئینگلیزی تیایە ئاوا پێناسەمان ئەکەن، کورد: ئەندامێک لە خەڵکێکی بە گشتی شوانکاری ئیسلامی کە لە کوردستان ئەژین، کە ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە باشوری قەوقاس. بۆیە وا نەزانن هیچ گۆڕاوە لە بۆچونی دنیا لەسەر دۆزی ڕەوای کورد، نەخێر تەنانەت یەک زەڕە نەگۆڕاوە...کەی ئەو فەرهەنگە گۆڕا ئەنجا هەست بکە شتێک لە ئارایەو مسقاڵێک لە ڕێککەوتنامەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم چاوی پیا خشێنراوەتەوە و کورد تۆزێک هۆشیار بۆتەوە و چاونەترسانە داوای مافی خۆی ئەکات. |