مرۆڤی بێ هەست، تامی ژیان چۆن ئەکات؟ مرۆڤێک بێ خۆشەویستی ئەژی؟ ژیان بێ گریان مانای هەیە؟ پێکەنین چ هەستێکە؟ دڵجۆشان نەبوایە پێکەنین هیچ تامێکی ئەبوو؟لەو کاتەوەی پێم نایە ئەودیو ڕوبارەکە تا ئێستا سێ جار خاکم بۆن کردۆتەوە و هەرسێ جارەکەش دڵم لە چاوم زیاتر پڕ بوە لە ئاو و بۆنی خاک تا یەک بە یەکی خانەکانم چۆتە لەشم. هەرچەن هەر سێ جارەکەی بە دڵشکاوی ناردومیانەتەوە دەرەوەو دوای گەیشتنەوەشم بە پلایسیش بۆنی خاک لە لەشم دەر نە ئەچوو. بەو هیوایەم ئەمجارە لەگەڵ هەستانی فڕۆکەکە لە هەولێری پایتەخت وەک ئێستا دڵم پڕ بێت و قوڵپەی گریان هەموو لەشم وەک بومەلەرزرە ڕاوەشێنێت.
بۆ وڵات ئاوا گرنگە؟ خۆ زۆر جار مرۆڤ ئەتوانێ بیکاتە قوربانی مانەوە لە ژیان یان لەبەر هۆی تر، ئێمە ئاسا جانتای لێ بدا بەشانیاو لە داخی ئەوەی هیچی پێ ناکرێ بۆ وڵآتەکەی سەری خۆی هەڵگرێت و بڕوات. وا ئیتر خۆری ژیانم هەڵ هاتوەو چێشتەنگاویشم بەڕێ کرد و کاتی ئەوەیە خۆم بۆ نانی نیوەڕۆ ئامادەکەم. خۆشەویستی وڵاتیش لەگەڵ تەمەن پێ ئەگاو تا زیاتر بژیم خۆشەویستیەکەشم گەورەترو پڕ ماناتر ئەبێت و ئازاریشی سەختتر ئەبێت، چونکە تامی زیاتر ئەبێ، ئاخر تام و ئازار ڕوناک کەرەوەی یەکترن، دەنا بێ ئەم ئەویتر نابینی وەک تیشک بۆ ڕەنگ.
ئەم سەفەرەم، بۆ چەن شتێک ئەکەم. بۆ دایکمی ئەکەم، ئەو ژنە ئازایەی نە بە کیمیایی و نە بە ئەنفالی بەعس تەنانەت یەک تنۆک فرمێسکی نەڕشت بۆ کوڕە گەورەکەی نەبێت کە لەگەڵی نەبوو. بۆ باوکمی ئەکەم، ئەو پیاوە نەخوێنەوارەی خاوەنی دو پزیشک و دو ئەندازیارە و سێ کوڕی لە دو دەوڵەتی پێشکەوتوی ئەم دنیایە ئەژین و بە تیژی داسەکەی دەستی منی گەیاندە ئەم پلەو پایەو هەمیشە ئەیوت 'ڕۆڵە نەخوێنەوار وەک کوێر وایە، کوڕی من ئەبێ چاکەت و پانتؤڵ لەبەرکات و بەڕەوشت و ئازا بێ'
تەنها کارێک بتوانم بۆ وڵاتەکەمی بکەم ئەمەیە کە لەم سەفەرە لەسەری خەریک ئەبم، ئەگەر سەری نەگرت، کوردبڵاگەر شایەت بێ من ئەوەی لسەر شانمە کردومەو گەر نەزانە بەهێزەکان توانیان زانا بێ هێزەکان ببەزێنن ئەوکاتە زانست ئەبێ سەرلوتی خۆی ڕەشکاو شەرمەزاربێ نەک زانا بێ هێزەکان، چونکە زانست خۆی ئەڵێ هێز لە زانستدایە نەک نەزانین.
ئەنجا بۆ ئیسراحەتی مێشکم و ساتێک دوربون لە نامە، تەلەفۆن، ئیمەیڵ، ئەنتەرنێت و دنیای سەرقاڵی، ئەگەر توانیم ئێرە لە وێنەی بەهاری کوردستان بێ بەش ناکەم.