نوسینی پیتەر ستیت، شاری هۆڵ، بەریتانیا
(وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە هیوا)
کریسمس لە ماڵی ئێمەدا کاتێکە بۆ بیرکردنەوە لەوەی کردومانەو لەوەشی بڕیارە بیکەین لە داهاتوودا. وە هەروەها کاتێکە بۆ واڵا کردنی دەرگاکانمان و بەخێرهێنانی هاوڕێکانمان بۆ ناو ماڵەکانمان. بۆ نانی ئێوارەی کرسیمسی ساڵی پار، میوانی بادینی، سۆرانی، کرمانجی، چینی وە ئیتالیشمان لابوو. لە ڕوی بەشە کوردیەکانیشەوە لایەنگرانی یەکێتی، پارتی و پەکەکە، هەموو پێکەوە وەک هاوڕێ کە تەنها باوەڕیان بە کوردستان هەیە.
پەیامی من بۆ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئەوەیە کە پێویستە ئاهەنگێکی گەورەی کرسیمس سازکەن لە یەکێک لە ماڵەکانیاندا. ئەبێ دەرگاکانیان واڵا بکەن بۆ خەڵکانی هەژاری شارۆچکەو لادێکانی دەوروبەر وە ئەوان، وەک من، پێویستە خواردن بەرنە بەردەست ئەو میوانانە.
پێویستە سەیری منداڵەکانیان بکەن کە لەگەڵ منداڵی هەژارەکان یاری ئەکەن وە لەوانەوە فێر بن. منداڵان ڕاستی ئەزانن: پێگەو پلەی کۆمەڵایەتی هیچ مانایەکی نیە.
بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئەڵێم دیسان من هەڕەشەم لە ئینگلیزە ڕەگەزپەرستەکان بەدەست گەشتوە لەبەر پشتیوانی لە دۆزی خەڵکی ئێوە لە بەریتانیا، کەی ئێوە پشتوانی ئەکەن لە دۆزی خەڵکی خۆتان؟ من ناترسم و هەتا کوڕە پانزە ساڵانەکەشم ئەیەوێت بزانێ دوژمن کێیە تا بتوانێ پەلاماریان بدات پێش ئەوەی ئەوان پەلامار بدەن.
من وا نازانم ئێوە خەڵکی خراپن بەڵام وا ئەزانم زۆر بە ژیانی خۆش ڕاهاتون. بۆ تۆ هیچ درەنگ نیە بارزانی، تا وەک باوکت یاد بکرێیتەوە وەک کەسێک شایانی بەدواهاتنی باوکت بیت، وە تاڵەبانی، تۆ هەمیشە یادت بەوە بکرێتەوە کە سەرکردەیەکی خاوەن بەرەوپێشەوەترین بیرکردنەوە بیت لەبارەی کەلتورەوە بەڵام جیهان پێویستی بە شتێکی زیاترە. هەردوتان کەسی زیرەکن وە من پێتان ئەڵێم چۆن دیسانەوە لەگەڵ خەڵکی خۆتان تێکەڵ ببنەوە.
ماڵەکانتان ئەم کرسمسە بکەنەوە. سەردانی بەشە هەژارەکانی کوردستان بکەن لەگەڵ ساڵی نوێدا (بە تایبەتی کەرکوک) وە زیاتر لە پەیمان لەگەڵ خۆتان بەرن. وە ئەنجا تەماشای کۆنتۆی بانکی خێزانەکانتان بکەن و دۆخی پشکە بازرگانیەکانتان (لە هەموو جیهاندا) وە پاکیان بکەنەوە، پارەکان بدەن بە ڕێکخراوە کوردیەکان تا دابەشی بکەن بەسەر هەژارترین چینی کۆمەڵگای کوردیدا. ئەنجا ئەچنە ناو مێژو وەک سەرکردەی گەورەی ڕاستی کورد، شایانی ناوهێنان بن لەگەڵ مەلا مستەفادا.
ئەمە چیرۆکی پەروانەی ئەمساڵ بو گێڕامەوە
بۆ مەسەلەی ڕاپۆرتەکەی گروپی لێکۆڵینەوەی ئێراقیش، بارزانی و تاڵەبانی هەقە کریسمس پێکەوە بەرنەسەر. ڕاپۆرتەکە پشتیوانی بەرژەوەندیەکانی هەموو تورک و عەرەبەکان ئەکات وە هیچ کاتێک لە ئێستا گرنگتر نەبوە یەکێتی و پارتی پێکەوە بن. ئێستا کاتی گۆڕینی یاسایە تا چیتر دو هێزی پێشمەرگە نەبێت، ئەبێ یەک سوپای یەکگرتوی کوردی هەبێت. ئەمە تەنها هەلی ئێوەیە بارزانی و تاڵەبانی، یەک بگرن دەنا چاوەڕێی خیانەت لە ئەمەریکا و پەلاماری توندی تورک بن.
بۆ خەڵکی کوردیش هیوای ماوەیەکی خۆش و ئارامتان بۆ ئەخوازم بۆ کریسمس. بۆ خێزانەکانی سلێمانی، دهۆک، وە ڕانیە کە هاوڕێکانم لەگەڵ خێزانەکەم کریسمس پیرۆز ئەکەن وە لە ڕۆژی کریسمسدا، زۆر سوپاس بۆ پەروەردەکردنی ئەم کوڕە باشانەتان. ئەوان خێزانی منن و هەروەها ئێوەش، وە بەم زوانە پێکەوە نان ئەخۆین چونکە دێم بۆ باشوری کوردستان لە 2007.
خوا پایەدارتان کات
بژی کوردستان (بە کوردی نوسیویە)
پیتەر ستیت